ناوهڕۆك
بۆقەکان
بۆق (بە ئینگلیزی: frog)، بە گیانەوەری وشکاوەکی پۆلێندەکرێن، و لە هەموو ناوچەکانی جیهاندا توانای دۆزینەوەی نشینگەی گونجاویان هەیە بۆ ژیانکردن، جگە لە جەمسەرە بەستووکەی باشوور و وشکترین بیابان و ئەو دوورگە دورەدەستانەی کە لە ناوچە دوورەکانی زەریاکاندا هەن، بۆق ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازییان هەیە کە بە نزیکەیی دەگاتە ٦٠ جۆر، زۆرینەیان مەترسی لەناوچونیان لەسەرە بەهۆی تێکدانی نشینگە بنەڕەتییەکانیان و نەخۆشییە گوازراوەکانەوە، بۆقەکان بە توانای بازدانیان تایبەتمەندن، بەناوبانگترینیشیان بۆقی ئەفریقییە کە بە یەک بازدان دەتوانێت مەودای ٤.٢ م ببڕێت.
شێوەی دەرەوەی
بۆق تایبەتمەندە بە توانای بازدانێکی نایاب بەهۆی قاچەکانییەوە و دوو چاوی دیار و گەورەی هەیە، جەستەیەکی لووسی هەیە، پێستە لووسەکەی هەندێکجار ڕەنگێکی زۆر کراوە و دیاری هەیە و دەکرێت ژەهراوی بێت، بە تایبەتی بۆقەکانی ئەمریکای باشوور، کە تەنها دەرپەڕینی یەک دڵۆپ لە ژەهرەکەی لە ڕێگەی دەرچەکانی پێستییەوە توانای کوشتنی مرۆڤێکی پێگەیشتووی هەیە، هەبوونی ئەو ڕەنگە زۆر کراوە و درەوشاوەیە یارمەتی ئاژەڵە دڕندەکان دەدات کە تێبگەن ژەهراوییە و ڕاوی نەکەن، بەڵام زۆرینەی جۆرەکانی بۆقەکان ڕەنگی پێستیان سەوز و قاوەیی خاڵدارە ئەمەش هاوکاریەتی لە خۆحەشاردان لە نشینگەکەیدا، قەبارە و کێشی بۆقەکان بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، گەورەترین جۆری درێژییەکەی دەگاتە ٣٠ سم و کێشی دەگاتە ٣ کگم، لە کاتێکدا لە ڕابردوودا لە ئەفریقا جۆرێک هەبووە لەمەش گەورەتر بوون بەڵام لەناوچوون و لە ئێستادا نەماون، بچووکترین جۆری بۆقەکانیش کە پێی دەوترێت بۆقی ئاڵتونی، درێژییەکەی ١ سم تێناپەڕێنێت و کێشی ناگاتە ٢٠٠ گم.
خۆراک
بۆقەکان دەتوانن هەر زیندەوەرێکی قەبارە بچووک کە بە زمانیان بیگرن بیخۆن، وەک کرم و کرمۆکەکان و مێروو و جاڵجاڵۆکە و ماسییە بچووکەکان، بۆقەکان زمانێکی درێژی لینجیان هەیە کە ئەو لینجییە دەبێتە هۆی لکاندنی بە نێچیرەکانییەوە ڕێگری دەکات لە دەربازبوونیان، لە کاتی ئامادەکاری بۆ ڕاوکردن بۆقەکان بە خێراییەک زمانیان دەردەپەڕێنن کە نێچیرەکەی توانای دەربازبوونی نەبێت، دواتریش بە هەمان خێرایی دەیگەڕێنێتەوە بۆ دەمی و دەیخوات.
زۆربوون و سوڕی ژیان
لە ناوچە مامناوەندییەکاندا بۆقەکان لە وەرزی بەهاردا یەکگرتن ئەنجامدەدەن، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی هێڵی کەمەرەیی وەرزی یەکگرتن دەکەوێتە زستانەوە، بۆقە مێینەکان هێلکەکانیان لە ئاوە مەنگ و ئارامەکاندا دادەنێن، لە نێوان ڕووەکەکاندا بە کۆمەڵەی زۆر کە وەک گەران، دوای دانانی هێلکەی مێینەکان بۆقە نێرینەکان تۆوەکانیان دەکەن بەسەریاندا بۆ ئەوەی هێلکەکان بپیتێن، بۆ زۆربوون بۆقەکان پێویستیان بە سەرچاوەی ئاوی هەیە بۆ دانانی هێلکەکانیان، کە بە گشتی لە نشینگەکانیاندا هەیە، سوڕی ژیانی بۆقەکان سێ قۆناغی سەرەکی دەگرێتەوە، کە بریتین لە هێلکە و سەرکەمێکووتە و بۆقی پێگەیشتوو، لە ئەم قۆناغانەدا بە کردای گۆڕین بۆقەکان هاوشێوەی هەموو وشکاوەکییەکانی دیکە لە ڕێگەی دوو هۆڕمۆنەوە جڵەوی گەشەکردنیان دەکرێت و پێدەگەن، لە زۆرینەی جۆرەکاندا دایک و باوکەکە هێلکەکان جێدەهێڵن و بێچووەکان خۆیان گەشە دەکەن، لەهەندێک جۆری زۆر کەمدا دایک و باوکەکە دەمێننەوە بۆ گرنگیدان بە بێچووەکانیان، دوای ١-٣ هەفتە هێلکەکان ئامادە دەبن بۆ هەڵهاتن، سەرکەمێکووتەیەکی لێوە دەردەچێت کە دەم و کەوانەی ڕیشەدار و کلکێکی درێژی هەیە، لە دوای ١٢ هەفتە دەبێتە بۆقێکی پێگەیشتوو و توانای هەیە بۆ ڕۆشتنە دەرەوە لە ئاو و چوونە وشکانی.
تایبەتمەندییە گشتییەکانی
بۆقەکان پێکەوە و بە شێوەی کۆمەڵە دەژین، بەتایبەتی لە قۆناغەکانی سەرەتای ژیانیان کە پۆلی بێچووی بۆقەکان هاوشێوەی ماسییەکان ژمارە زۆر و چڕن، ئەو دەنگانەی بۆقەکان بۆ پەیوەندیکردن دەریدەکەن، دروستدەبێت لە ئەنجامی پاڵنانی هەوا لە نێو قوڕگیدا، بە گشتی ئەم دەنگانە لە کاتی بانگکردن بۆ یەکگرتن بەکاردەهێنن، هەروەها بۆقەکان هاوکاری دەکەن لە هێشتنەوەی ژمارەی مێرووەکان لە ئاستی گونجاودا، بە ڕاوکردنیان و بەکارهێنانیان وەک ژەمی خۆراک.
جۆرە سەرەکییەکانی بۆق
- بۆقی شوشەیی دڵ کراوە: ئەم بۆقە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥ دا دۆزراوەتەوە، قەبارەیەکی بچووک و جەستەیەکی ڕوونی هەیە کە هەموو ئەندامەکانی ناوەوەی دەبینرێت، ئەم جۆرە دڵ ڕوون و کراوەیە یەکێکە لە ١٠٠ جۆرەکەی بۆقە شوشەییەکان، بە شەودا چالاکە و نشینگەی بنەڕەتی کۆستاریکایە.
- بۆقی بیدوفرین: قەبارەکەی تەنانەت لە بۆقە شوشەییەکانیش بچووکترە، کە تەنها ٧ ملم دەبێت، بۆیە ئەم بۆقە تەنها بچووکترین جۆری بۆقەکان نییە بەڵکو بچووکترین جۆری بڕبڕەداری سەر ڕووی زەوییە، و باوەڕ وایە کە توانای دەرکردنی دەنگێکی بەرزی هەیە.
- بۆقی بارانی بیابان: جۆرێکی دەگمەنی بۆقەکانە کە لە کەنارەکانی نامیبیا و باشووری ئەفریقادا دەژی، لەبەر بەرزی پلەی گەرمی بە ڕۆژدا لە ژێر لمی کەنارەکان خۆی حەشاردەدات بۆ پاراستنی جەستەی لە تیشکی خۆر و هێشتنەوەی بە شێداری، و دواتر بە شەودا چالاکییەکانی ئەنجام دەدات.
- بۆقی شاخداری جوانکراو: ئەم بۆقە تایبەتمەندە بە ئارەزووی خواردنە زۆرەکەی، کە دەوترێت تێر نابێت، هەروەها لە ناوچەکانی ئەرجەنتین دەژی و بەهۆی ڕەنگی سوور و سەوزی جەستەیەوە بە ئاسانی خۆی دەشارێتەوە.
- بۆقی قژدار: هەروەها پێی دەوترێت بۆقی ترسناک، ئەم جۆرە لە کاتی هەستکردن بە مەترسی یاخود هەوڵدان بۆ ترساندنی بەرامبەرەکەی ئێسکی قاچی دەشکێنێت بەمەبەست، بۆ ئەوەی هاوشێوەی چنگی تیژ بەکاریبهێنێت کە لە پێستەکەیەوە دەردەچێت، پاشان دەگەڕێتەوە جێگە سرووشتییەکەی و بە تەواوەتی ساڕێژدەبێتەوە.
- بۆقی ڤێتنامی قەوزەیی: لە دارستانەکانی باکووری ڤێتنامدا دەژی، کە تەواوی ڕۆژەکانی بە شێوەیەک بەسەردەبات کە هاوشێوەی بەردێکی قەوزەدارە، ئەمەش بە هاوکاری ڕەنگە سەوز و ڕەشەکەیەوە، و پێستیشی زبر و دڕکاوییە.
- بۆقی ئاڵتوونی ژەهراوی: قەبارەکەی زۆر بچووکە و دەگاتە ٥ سم، بەڵام ژەهرەکەی بە ڕادەیەک بەهێزە کە بەشی پێویستە بۆ کوشتنی دوو فیل، هەتا ئێستاش هۆکاری بەرزی پلەی ژەهراویەکەی نەزانراوە و بە نهێنی ماوەتەوە، چونکە ئەو بۆقانەی کە دیل دەکرێن ژەهراوی نابن بەوشێوەیە.
- بۆقی هیندی: لە سەرەتادا باوەڕ وابووە کە هەموو بۆقە زەردەکان یاخود ئەوانەی ڕەنگیان کراوە و کاڵە ژەهراوین، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە ڕاست نییە، بۆ نموونە بۆقی هیندی ڕەنگی زەردە کە توانایەکی بەرزی ئاواز وتنیشی هەیە، واتە ڕەنگی کراوەیە بەڵام بکوژ و ژەهراوی نییە.
- بۆقی والاسی باڵدار: ئەم جۆرانە لە دەوەنەکانی مالیزیادا دەژین و توانای فڕینێکی جیاواز و ناوازەیان هەیە، چونکە پەنجەی پەلەکانیان درێژن و لە نێوانیاندا هاوشێوەی چەتر پێستیان درێژ دەکەنەوە و فراوانی دەکەن، و لە کاتی هەستکردن بە مەترسی دەتوانن بۆ مەودای ١٥ م بەرز ببنەوە و بڕۆن بۆ ناوچەیەکی پارێزراو.
- بۆقی ڤەنزوێلای بلووری: بۆقێکی قەبارە بچووکە کە لە ناوچە بەرزەکانی ڤەنزوێلا دەژی.
- بۆقی سورینامی بلووری: ئەم جۆرەیان قەبارەی گەورەیە و لە ئەمریکادا دەژی.
- بۆقی ئەرخەوانی: ئەم بۆقە تەنها لە هیندستاندا دەژی، و بەناوبانگە بە شێوەی دەرەوەی کە جیاوازە لە جۆرەکانی دیکەی بۆقەکان، و ژیانکردنی لە ژێر زەویدا دەبێت تەنها ٢ هەفتە بۆ یەکگرتن و زۆربوون دێتە سەر زەوی ئەویش لە کاتی هەبوونی با و ڕەشەبای بەهێز واتە بە گشتی لە وەرزی پاییزدا.
- بۆقی ئاسکە زێڕینەی مەلگاسی: لە مەدەغەشقەر دەژی و چەندین ناوی جیاوازی هەیە بەڵام هیچیان فەرمی نین، هۆکاری زۆری ژمارەی ناوەکەشی گۆڕانی ڕەنگەکانیەتی و ڕەنگی زۆر و جیاواز هەیە لەسەر پێستی، دەکرێت سوور بێت یان سپی یا سەوز لەگەڵ خاڵی ڕەش لە نێوانیان.
- بۆقی مالایانی شاخدار: ئەم بۆقە دوو چاوی زۆر سووری هەیە و دوو شاخیش بەسەر سەرییەوە، بەجۆرێکە کە شێوەی دەرەوەی جەستەی بە تەواوەتی هاوشێوەی گەڵای دارە، و لە ناوچەی دارستانە باراناوییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئاسیا دەژی.